|
پاش جیابوونه‌وه!
پاش جیابوونه‌وه ! ڕه‌خنه‌یه‌ك له‌سه‌ر ڕه‌وت و ئه‌نجامه‌كانی جیابوونه‌وه‌ی ڕه‌وتی چاكسازی و گه‌شه له‌كۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تكێشان ماوه‌یه‌كی زۆر به‌سه‌ر جیابوونه‌وه‌ی هاوڕێیانی باڵی چاكسازی و گه‌شه له كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تكێشانی کوردستان تێده‌په‌ڕێ، كه ئێسته‌له‌ژێر ناوی كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تكێشان ڕه‌وتی چاكسازی و گه شه‌خۆیان ڕێكخستوه‌و چالاكی ده‌كه‌ن. ئه‌گه‌رچی له‌دایك بوونی ڕه‌وتی چاكسازی و گه‌شه كاتێكی زۆری خایاند و له كرده‌وه‌و له‌كاتی جیابوونه‌وه‌دا ده‌نگ و هه‌راو و وریای زۆری لێكه‌وته‌وه به‌ڵام هه‌موو ئه‌و شته‌ی كه ده‌بوو ببێ هه‌ر ئه‌وه‌بوو كه‌بوو. به‌واتایه‌كی تر جیابوونه‌وه ته‌نها بۆ جیابوونه‌وه‌بوو و به‌س. ئه‌مه له‌حاڵێكدا بوو كه چاوه‌ڕوان ده‌كرا پاش جیابوونه‌وه و ڕه‌وینه‌وه‌ی سنور و ئاسته‌نگیه‌كانی ڕێكخراوه‌یی و گوشاره‌كان، له‌لایه‌ك له‌سه‌ر هاوڕێیانی ڕه‌وتی چاكسازی و گه‌شه‌و، له‌لایه‌كی تره‌وه هۆكار و خه‌مخۆری هاوڕێیانی زۆرینه بۆ پاراستنی یه‌كگرتوویی حیزبی و پێشگیری له جیابوونه‌وه، ڕێگا بۆ ڕاگه‌یاندن و شه‌فاف سازی و له‌وه‌ش گرینگتر هه‌ڵگرتنی هه‌نگاوی جیدی بۆ ته‌شكیلاته‌كانیان و خۆسازدان و خۆسازماندان خۆش بێت و ئه‌و هه‌نگاوانه له كرده‌وه‌دا خۆی بنوێنێ. به‌ڵام ئه‌و حاڵه‌ته "كش و مات" و "پاسیڤ"یه‌ی كه چه‌ن ساڵه كۆمه‌ڵه‌ی( به هه‌موو لقه‌کانیه‌وه) داگرتوه له هه‌ر دوو لا به‌رده‌وامه‌و ده‌ڵێی هیچ ڕووی نه‌داوه. به‌ڵام كێشه كه چیه؟ وه‌ك ئه‌و هاوڕێیانه‌ی كه له‌ڕه‌وتی چاكسازی و گه‌شه‌ی كۆمه‌ڵه‌دا یه‌كانگیر بوون، باسیان ده‌كرد كۆمه‌ڵێكی زۆر جیازاوی و ناكۆكی و دژایه‌تی له‌سیاسه‌ت و ته‌شكیلات و ئۆرگانه‌كانی كۆمه‌ڵه‌دا هه‌بوو كه ببوه هۆی ئیفلیج بوونی كۆمه‌ڵه‌و له‌كرده‌وه‌دا هیچ ده‌رفه‌تێك بۆ كار و خه‌باتی هاوبه‌ش نه‌مایه‌وه. پاش ماوه‌یه‌كی زۆر ململانێی نه‌هێنی له‌ئاستی ڕێبه‌رایه‌تی و كۆمیته‌ی ناوه‌ندی دا ناكۆكیه‌كان خۆیان ده‌رخست و دووبه‌ره‌كی و له‌هه‌موو به‌ش و شوێنێكی كۆمه‌ڵه‌دا به‌دی ده‌كرا. چه‌ندین كۆنفرانس و كۆبوونه‌وه که به‌شێوه‌ی جیناحی به‌ڕێوه‌چوو. خه‌باتی سیاسی و دوژمنی سه‌ره‌كی واته، كۆماری ئیسلامی له‌بیر كرا‌و، هه‌موو شتێك ته‌رخان كرا بۆ خه‌باتی ناوخۆیی و هێز كۆ كردنه‌وه‌ی ناوخۆیی. چه‌ندین كه‌س له‌ئه‌ندامان دركران یان هه‌ڵپه‌سێردران. هه‌ندێ له‌ئه‌ندامان خۆیان ده‌پاراست له به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌ركه‌كان و بڕیاره ڕێكخراوه‌ییه‌كان. به‌جێی كاری سیاسی و دیالۆگی ناوخۆیی، ڕوو به‌ده‌ره‌و و له‌سه‌ر تۆڕی ئنتێرنێت ڕاگه‌یاندن بڵاو ده‌کرایه‌وه و چالاکی ده‌كرا. له‌وانه ناخۆشتر و تاڵتر، دزین و به‌تاڵان بردنی كه‌لوپه‌لی ستۆدیۆی ته‌له‌فزیۆنی رۆژهه‌ڵات له‌سوید بوو که هێشتا له لایه‌ن هیچ لایه‌کیانه‌وه "نه‌هاتووه‌ته‌وه سه‌رخۆ". پاشان كۆنگره‌به‌سترا. هه‌موو ئاگاداری ڕووداوه‌كانی پێش و پاش كۆنگره هه‌ین كه بووه په‌ڵه‌یه‌كی ره‌ش له سه‌ر داوێنی كۆمه‌ڵه‌و به‌رپرسان و كاربه‌ده‌ستانی ئه‌و ڕووداوانه‌ی كه له سه‌روده‌می كۆنگره‌دا ڕوویاندا، ناتوانن خۆی لێ گێل بكه‌ن. چونكه ئه‌وه‌ی ڕوویدا قه‌ت له‌كه‌لتور و پڕێنسیب و سونه‌ته‌كانی كۆمه‌ڵه‌دا جێی نه‌بووه‌و جێی نابێته‌وه. دیاره‌به‌رپرسایه‌تی ئه‌و كرده‌وه ناشیرینانه ته‌نها له‌ئه‌ستۆی كه‌س یان لایه‌نێك نیه و هه‌موو به‌شدارن تیایدا. له هه‌مووی ئه‌و ماوه‌دا شه‌پۆلێكی به‌رفراوان و به‌ته‌وژمی ڕاگه‌یاندن، به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن هاوڕێیانی ڕه‌وتی چاكسازییه‌وه كه‌وتبووه ڕێ. ڕۆژانه‌و كاتژمێر به‌كاتژمێر ڕه‌وتی ڕووداوه‌كان به‌وێنه‌و وتووێژ و هه‌واڵ و ناونیشان ده‌خرایه سه‌رتۆڕی ئینتێرنێت. هێز و توانایه‌كی زۆر ته‌رخان كرا بوو بۆ ئه‌وه‌ی كه ئه‌م ئه‌و تاوانبار بكات و ئه‌و به‌رپه‌رچی هه‌واڵ و به‌یاننامه‌ی ئه‌و بداته‌وه. ئه‌وه‌نده‌ی مێژووی ئه‌م حیزبانه وه‌بیری بێت وه‌ها قورساییه‌ك له‌هیچ كات و شوێن و ڕووداوێك دا به‌ده‌ی نه‌كراوه. جیابوونه‌وه‌و لێكدابڕانه‌كه‌ش وه‌ك چاوه‌ڕوان ده‌كرا، نابه‌جێ و نامۆدێڕن بوو. به‌ڵام پاش جیابوونه‌وه‌كه هه‌موو شتێك قوتار بوو و هاته‌كۆتایی. نه‌باس له گۆڕان و جیاوازی ده‌كرێ و نه‌چالاكی و به‌رفراوان كردن و زیندوو كردنه‌وه له ئارادایه. له هه‌موو ئه‌و نوسه‌ر و چالاك و هه‌ڵسوڕاوی سیاسی‌یه، كه‌س مته‌قی لێ نایه. له‌هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ناوه‌كانیان لیسته‌كانی پشتگیری و یارمه‌تی و داواكاری له‌لایه‌ك و ئیدانه‌و پرۆتێستۆ و بانگه‌شه له‌لایه‌كی تره‌وه پڕده‌كرده‌وه، ناوی كه‌س و شوێنه‌واری كه‌س دیار نیه. نه وتوێژو هه‌واڵ و وێنه دێته ده‌ره‌وه‌و نه وتار و لێكدانه‌وه‌و باسێكی تازه ده‌بیندرێ. نه به‌رنامه‌و پرۆگرامێكی نوێ باس كراوه‌و نه گوڕ و تینێك له خه‌بات دراوه. نه سایته‌كانیان نوێ ده‌كرێته‌وه‌و نه هه‌نگاوێكی نوێ هه‌ڵده‌گیرێ. به‌ڕاستی ئه‌و هه‌موو كێشه‌و جیاوازییه چی لێهات و چووه كوێ؟ ئه‌و هه‌موو قسه‌و هه‌ڵمه‌ت و هیمه‌ته بۆ دیار نه‌ما؟ ئه‌و په‌له‌په‌ل و نه‌گونجان و شه‌ڕ و هه‌ڵایه بۆچی بوو؟ ئه‌گه‌ر جیابوونه‌وه بۆ جیابوونه‌وه و بێده‌نگی بوو، ئه‌دی بۆ ئه‌و ڕێگایه هه‌ڵبژێردرا؟ خۆ بێده‌نگی له‌هه‌موو شوێنێك ده‌رفه‌تی بۆ هه‌یه‌و قه‌ت به‌تاوان ناژمێردرێ. ڕاستی كێشه‌ی ده‌سه‌ڵات و كێشه‌ی شه‌خسی چ ده‌ورێكی له دروست كردن و ئاقیبه‌ت و ئاخری حیزبه‌كاندا هه‌یه؟ من له‌و بڕوایه‌دا نیم كه‌خۆ گێل كردن و چاو قوچاندن، مێژوو له‌بیر به‌رێته‌وه. ئه‌وه‌شتێكی حاشاهه‌ڵنه‌گره و مافی خه‌ڵكه كه ده‌بێ ئاگاداری گۆڕانكارییه‌كانی كۆمه‌ڵگا ببن و ئه‌ركی سه‌ره‌تایی حیزبه‌كانه كه هۆ و ده‌ره‌نجامه‌كانی ڕووداوه‌كان به شێءوه‌ی شه‌فاف له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک باس بکه‌ن ،ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر شه‌ڕی ده‌سه‌ڵاتیشیان کردبێ! شاهین كه‌ریمی shaahinkarimi@yahoo.com |
|

